٢ کانونی یەکەم ٢٠١٧ - ١٩:٣٧
باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسی ئێستا چییە

مەسعود بارزانی لێدوانێکی لەوبارەیەوە هەیە.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە كاتی-یەو "باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسی ئێستا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە".

بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: ئەو وتانەی مەسعود بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەیەكدا هات لەگەڵ مەكتەب و دەستە و دەزگا ناوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەكرد، "ئەو بارودۆخەی بە نایاسایی و نا ئاسایی دروستبووە كاتییە و هەتا سەر نابێت و تێدەپەڕێت، باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسی ئێستا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە".

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، "دەرگای هەرێمی كوردستان بۆ دانوساندن لەگەڵ عێراق كراوەیە و ئێمە گفتوگۆ بە باشترین چارەسەر دەزانین، بەڵام لە هەمانكاتدا فەرزكردنی ئەمری واقع لە ڕێگەی زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبوڵ نییە".

رونیشیكردەوە، "كەس با شەڕی ئیرادە لەگەڵ خەڵكی كوردستان نەكات، گەلی كوردستان ئیرادەی ناشكێت و ئاڵای سپی بۆ زۆرداری و زوڵم و خیانەت هەڵناكات و خۆی بەدەستەوە نادات".